لەژێر ناونیشانی (بەرەو ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان)، هەشتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كوردستان بۆ فیلم لە مانگی داهاتوودا لە شاری هەولێر ساز دەكرێت.
شاخەوان مستەفا، بەڕێوەبەریی هەشتەمیین فێستیڤاڵی كوردستان بۆ فیلم، لەمبارەیەوە بە (باسنیوز)ـی ڕاگەیاند: "سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو بووە، بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەكە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناوی فیلمە بەشداربووەكان ئاشكرا دەكرێن."
چەندین فیلمی كورت و درێژ، لە شارە جیاوازەكانی كوردستان، بۆ فێستیڤاڵەکە نێردراون، بڕیارە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی لێژنە، بڕیار لەبارەی بەشداریكردن و نەكردنیان بدرێت، لە كۆتاییدا 30 فیلمی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵەكەدا نمایش دەكرێت.
بڕیارە ڕۆژانی 30_26/8/2017، لە شاری هەولێر فێستیڤاڵەكە بە بەشداریی هونەرمەندانی كورد دەست بە كارەكانی بكات، لە كۆتاییدا خەڵاتی (داربەڕووی زێڕین) بەسەر براوەكانی فێستیڤاڵدا دابەش دەكرێت.