شێركۆ بێكهس
ژیان
شێرکۆ بێکەس ڕۆژی ٢ی مەیی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆییژەی شاری سلێمانی لەدایکبوو. شێرکۆ یەکەمین شعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاو کردەوە. ساڵی ١٩٦٨ یەکەمین پەرتووکی شعری خۆی بە ناوی "تریفەی ھەڵبەست" لە (بەغدا) لە چاپ دا. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێکیان بۆ گۆڕانکاری لە شعری کوردی و بە تایبەت چوون بە لای شعری نوێی کوردییەوە بڵاو کردەوە.
ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید خەڵاتی "تۆخۆڵسکی" پێ بەخشرا و شعرەکانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا کۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەکانی ئامریکا و کانادا بوو. لە ھەمان ساڵدا بە یارمەتی کۆمەڵێ کەس و ھاوڕێ "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند.
لە ساڵی ٢٠٠١ ناوەندی چاپ و راگەیاندنی "خاک" خەڵاتی پیرەمێردی شاعری بە شێرکۆ بەخشی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا تەواوی بەرھەمەکانی لە ھەشت ھەزار پەڕەدا لە چاۆ دا.
[١]
شیعر
شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شعری نوێی کوردی و ھونەری کوردی بە زمانی شعری نوێ ناساند. شعری شێرکۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاک کردووە.
وەسیەتنامە
من نامەوێت لە ھیچ کام لە گرد و گردۆڵەکەکاندا بنێژرێم کە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەکەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناکەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆکی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەکەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن کە لە پارکی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەکەی شەھیدانی (١٩٦٣)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەکەم بە مردویش نزیکی ئەو خەڵکەو ژن و پیاوی شارەکەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و ھەڵپەڕکێ و یانە جوانەکانی ئەو پارکە بم. با کتێبخانەکەمو دیوانەکانم و وێنەکانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەکەم، با کافتریایەک و باخچەیەکی بچکۆلانە لەو شوێنەدا ھەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و کچ و کوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پارکە بکەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریکەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەکەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواکەی)ـەوە ئاڵای کوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەکەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەکەمدا تابلۆی جوانی ھونەرمەندانی شارەکەم ھەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێکەس) ەوە خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان بکرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری ھەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ کە جێیدەھێڵم.
[٢]
نموونەی ھەڵبەستی شێرکۆ بێکەس
نموونەی یەکەم
لە لای ئەوان
لە پشت ھەموو پیاوێکەوە ژنێک ھەیە
دەس بە مۆم و دەس بە کتێب و ڕۆژنامە و
بە شمشاڵ و بە کەمانچە و
دەس بە شەوبۆی خۆشەویستی
لە لای ئێمەش
لە پشت ھەموو ژنێکەوە پیاوێک ھەیە
دەس بە مار و بە بلۆک و بە دڕکەزی و
بە بەردەکانی تەڵاق و
دەس بە خوێنی مەرگدۆستی
نموونەی دووەم
وێنەیەک
چـوار منــداڵی..
تورک و فارس و
عەرەب و کورد
بە ھەر چواریان
وێنەی پیاوێکیان دروستکرد
یەکەم: سەری
دووەم: دەستی
سێیەم: لەشی و قاچەکانـی
چـوارەم: چەکی
کردە شــانی!
بڵاوکراوەکانی
بەرھەمەکانی شێرکۆ بێکەس بە پێی چاپی یەکەم:
- تریفەی ھەڵبەست ١٩٦٨
- کەژاوەی گریان ١٩٦٩
- کاوەی ئاسنگەر ١٩٧١
- من تینوێتیم بە گڕ ئەشکێ ١٩٧٣
- ئاسک ١٩٧٦
- کازیوە ١٩٧٨
- دوو سروودی کێوی ١٩٨٠
- پیرەمێرد و زەریا ١٩٨٢
- رووبار ١٩٨٣
- کەشکۆڵی پێشمەرگە ١٩٨٤
- داستانی ھەڵۆی سوور ١٩٨٥
- ئاوێنە بچکۆلەکان ١٩٨٦
- تەمتوومان ١٩٨٨
- دەربەندی پەپوولە ١٩٩١
- ئافات ١٩٩٣
- مێرگی زام، مێرگی ھەتاو ١٩٩٦
- خاچ و مار و رۆژژمێری شاعیرێ ١٩٩٨
- بۆننامە ١٩٩٨
- چراکانی سەر ھەڵەمووت ١٩٩٩
- نسێ ١٩٩٩
- ژنێک و دوو پیاو ٢٠٠٠
- ژن و باران ٢٠٠٠
- رەنگدان ٢٠٠١
- ئەزموون ٢٠٠١
- لە چلەی چلچرایەکدا ٢٠٠١
- پیاوێ لە دارسێو ٢٠٠٢
- خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم ٢٠٠٢
- پاییزە میوان ٢٠٠٢
- کوکوختیە بزێوەکە ٢٠٠٣
- گۆڕستانی چراکان ٢٠٠٤
- ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن ٢٠٠٤ (٣٢. سروودە بەردینەکان ٢٠٠٥
- کورسی ٢٠٠٥
- لە گوڵەوە ھەتا سووتوو ٢٠٠٦
- حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک ٢٠٠٧
- کتێبی ملوانکە ٢٠٠٧
- تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە ھەڵقوڵین ٢٠٠٧
- زێ و زنە ٢٠٠٨
- تەون ٢٠٠٩
- ھەست و نەست ٢٠١٠
- ئێستا کچێک نیشتمانمە ٢٠١١
- ئەسپێک لە پەڕەی گوڵاڵە ٢٠١٢
- خێراکە مردن خەریکە بگات ٢٠١٣
- نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ٢٠١٣
- مەرایا ساغیرە، وێنەکراوی فواد عەلی، ١٢٥ پەڕە، چاپی الاھالی، دیمەشق، سوریا ١٩٨٨
- سما سپێگلار: دیکتەر ١٩٧٨ - ١٩٨٩، نۆرسبێرگ، چاپخانەی کوردستان، ١٩٨٩
پەراوێزەکان